سوودەکانى خواردنى زەیتون لە ڕووى پزیشکیەوە

زەیتون یەکێکە لەو خواردنانەی کە بە میوە هەژمار دەکرێت و بەرەکەی دەخورێت و زەیتی لێدەردەهێنرێت، سوود لە گەڵاکانی وەردەگیرێت، شارەزایان لە ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان کۆمەڵێک سوودی ئەم خواردنەیان خستووەتەروو، بەڵام ئاماژە بەوەشکراوە کە دەبێت بەشێوەیەکی هاوسەنگ بەکاربهێنرێت. 

هەروەها شارەزایانی بواری خۆراک ئەوەیان دەرخستووە کە زەیتوون نزیکەی (٢٥%)ی کێشی خۆی ئاو، (٦٥%) زەیت، (٤%) ماددەی شەکر و لەسەدا یەکیش خوێی کانزای وەک (فسفۆڕ گۆگرد و پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم، کلۆر، مەنگەنیز، مس، کالسیۆم، ئاسن)ی تێدایە. 

هاوکات زەیتون کۆمەڵێک ڤیتامینی تێدایە کە گرنگترینیان بریتین لە ڤیتامین (ئەی و بی و سی). 

بەپێی وتەی زانایان سوودەکانی زەیتوون بریتین لە:

- زەیتی زەیتون چارەسەری تێکچوونی هەرس دەکات و ژانە سک دەشکێنێت. 

- لەبەر ئەوەی ترشە چەورەکانی تێدایە چارەی نەخۆشییەکانی دڵ دەکات، چونکە ئەو جۆرە ترشانە کۆلیسترۆڵ دەتوێنێتەوە. 

- ئەو خوێیانەی لە زەیتوندایە بەردی ناو زراو دەتوێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش باشتر وایە ڕۆژانە لە پێش نانخواردن کەوچکێکی گەورە زەیتی زەیتوون بوخرێتەوە. 

- ئەگەر بە زەیتی زەیتوون لەش چەور بکرێت سووڕی خوێن چالاک دەکات و پێست لە نەخۆشییەکان دەپارێزێت. 

- ڕۆنی زەیتوون سروشتێکی گەرمی هەیە و بۆ خۆراک و دەرمان بەکاردێت، هەر بۆیە پسپۆڕان پێیان وایە، واباشترە ڕۆنی زەیتون وەکو پێکھاتەیەکی سروشتی بیخۆن، بۆ نمونە لە بەکارھێنانی زەڵاتە، ئەگەریش ئارەزووی خواردنی ڕۆنی زەیتون دەکەن لەناو چێشت، ئەوا پێویستە ڕۆنی زەیتونی سروشتی بەکاربھێنن، نەک ئەو جۆرانەی کە لەناو شووشە یان پلاستیک پارێزراون و لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن، بۆ ئەوەی لە ئۆکسان ڕۆنەکە بپارێزن و بەشێوەیەکی تەندروستانەش سوودی لێوەربگرن.


PM:01:59:23/11/2023