لەسەر گیان لەدەستدانی نەخۆشێک دوو پزیشک لە سلێمانی دەستگیردەکرێن

ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لەسەر دۆسیەی گیان لەدەستدانی نەخۆشێک دوو پزیشکی پسپۆڕ لە سلێمانی سزای یەک ساڵ زیندایکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

د. چالاک قەشانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" چوار ساڵ پێش ئێستا دوو پزیشک نەشتەرگەرییان بۆ نەخۆشێک کردووە و نەخۆشەکە گیانی لەدەستداوە، لەسەر سکاڵای خانەوادەی نەخۆشەکە دادگای بەرای سلێمانی سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دوو پزیشکەکەدا سەپاندووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو نەخۆشەی گیانی لەدەستداوە نەشتەرگەری بچوککردنەوەی گەدەی بۆ کراوە و پێشتر نەخۆشی دڵی ھەبووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شۆڕش ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو پزیشکەی دەستگیرکراون یەکێکیان پزیشکی نەشتەرگەری گشتییە و ئەوەی دیکەیان پزیشکی بێھۆشکارییە.

هەروەها لای خۆشیەوە سەندیكای پزیشكانی كوردستان لقی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە" سەبارەت بە دەستگیرکردنی دوو پزیشکی پسپۆر لە پارێزگای سلێمانی، سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە سەرەتای بابەتەکەوە لەسەر هێڵن لەگەڵ وەزارەتی داد و دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بە مەبەستی پێداچوونەوەی بڕیارەکە و ئازادکردنی ئەو دوو پزیشکە لە زووترین کاتدا". 


PM:03:25:25/11/2023