ئەمڕۆ رێکخراوەکانی ئاژەڵدۆستی لە سلێمانی و هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای داخستنی شێڵتەرەکانی سەگە بێلانەکان دەکەن و دەڵێن تەنیا " شوێنێکن بۆ کوشتاری بە کۆمەڵی ئاژەڵان".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە هەولێر و سلێمانی رێکخراوەکانی ئاژەڵدۆستان کۆنگرەی رۆژنامەوانیان دژی ئەم باروودۆخەی کە ئێستا سەگە بێلانەکان لە هەردوو شێڵتەری سلێمانی و هەولێر هەیانە ئەنجامدا و، رایانگەیاند" سەگەکان لە دۆخێکی زۆ خراپدان و رۆژانە بە دەیان سەگ بەهۆی نەخۆشی و برسییەتی و تونییەتی دەمرێ و شێڵتەرەکان هیچ مەرجێکی تەندروستیان تێدا نییە".
هەروەها وتیان" رۆژانە بەسەدان بەڵگە و ڤیدیۆمان بە دەست دەگات کە ستافەکان هێچ شارەزاییەکیان سەبارەت بە ئاژەڵان نییە و سەگەکان ئازار دەدەن و بە ئەشکەنجە دەیانکوژن".
ئەو رێکخراوەنە رایانگەیاند" پێشتر شارەوانی بەڵێنی دابوو کە ئەم شێڵتەرانە ببنە شوێنی نەزۆککردن ئێستا نە تەنیا نەزۆکیان نەکردوون، بەڵکو ئازاریان دەدەن و بوونەتە شوێنی کۆمەڵکوژی سەگەکان، بۆیە داوا دەکەین شێڵتەرەکان دابخەن و تەنیا ببنە شوێنی نەزۆککردن بۆ سەگە بێلانەکان".
ئاماژەیان بەوەداوە کە دژی کۆکردنەوەی سەگەکان نین، بەڵام دژی ئەم کارەسات و رووداوانەن کە لە شێڵتەرەکانی هەولێرو سلێمانی لە بەرامبەر سەگەکان روودەدەن.
بۆ بینینی کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکە ئەم لینکە بکەرەوە: