کاردانەوەی نەیمار چی بوو دوای ئەوەی برۆنای خۆشەویستی جیابوونەی راگەیاند

برۆنا بیانکاردی، خۆشەویستەکەی نەیمار جونیۆر، دوای ماوەیەک لە تێکچوونی پەیوەندی نێوانیان، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک کە یاریزانەکە لە زیاتر لە جارێک غیانەتی لێکردووە، بە فەرمی جیابوونەوەی خۆی لەگەڵی ڕاگەیاند، داوای لە هەمووان کرد چیتر ناوی ئەو یاریزانە بەڕازیلییە نەبەستنەوە پێوەی.

 کاردانەوەی نەیمار بەرامبەر بە هەواڵی جیابوونەوەکە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بوو، کاتێک وێنەیەکی لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە لەکاتی سەیرکردنی یارییەکەی ئەلهیلال بەرامبەر نەفباخۆری ئۆزبەکستان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، پاڵپشتی خۆی پێشکەش بە تیپەکەی کرد لە ماڵەکەی خۆیەوە، کە تیایدا ئەو یاریزانە دڵی شین و سپی لەسەر وێنەکە داناوە.

 لە ئێستادا نەیمار لە بەرازیل چارەسەری بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لە پێکانەکەی "بەستەری ئەژنۆی” چاک بێتەوە، کە لە کاتی بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر ئۆرۆگوای لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦ تووشی بوو.

 جێگای سەرنجە، یانەی هیلال سعوودی دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە نافباخۆری بردەوە، لە قۆناغی پێنجەمی قۆناغی کۆمەڵەکاندا، سەرکەوتنی بۆ قۆناغی ١٦ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەدەستهێنا.


PM:01:03:29/11/2023