قوباد تاڵەبانی: هەموو هەوڵێك دەدەین تا هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت" هەموو هەوڵێک دەدەین هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت". 

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە یان برێم کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد. 

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا کە هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەڕێوەبچێت، بە تایبەتیش ئاماژە بە دۆخی کەرکوک کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە کەرکوک جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا کراوە و پێویستە لە دوای هەڵبژاردنەکاندا لە ئیدارەدانی شارەکەدا هیچ پێکهاتەیەک هەست بە ستەم و پەراوێزخراوی نەکات.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی رایگەیاند" هەموو هەوڵێک دەدەین هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت". 


PM:04:30:30/11/2023