ئۆپێک رۆژانە بڕی ٢.٢ ملیۆن بەرمیل کەمدەکاتەوە

 
رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند" چەند وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە رێککەتوون لەسەر ئەوەی بەشێوەیەکی خۆبەخشانە رۆژانە ٢.٢ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنان کەمبکەنەوەو، سعودیەش لەپێش هەموو وڵاتانی ترەوە کە بڕی خستبە بازاڕ کەمدەکاتەوە".
 
بەپێی راگەیاندنەکەی سکرتاریەتی ئۆپێک، رۆژی پێنجشەممە، ٣٠ـی تشرینی دووەم، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی ئۆپێک پڵەس سازکراوەو لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی ٢.٢ ملیۆن رۆژانە دراوە. 
وڵاتی سعودیە کە گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لە رێکخراوەکەدا بڕیاری داوە خۆبەخشانە بەرهەمهێنانی رۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکاتەوە.
  
رووسیاش رۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل، عێراق رۆژانە ٢٢٣ هەزار بەرمیل، ئیمارات ١٦٣ هەزار، کوێت ١٣٥ هەزار، کازاخستان ٨٢ هەزار، جەزائیر ٥١ هەزار و عومان ٤٢ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان کەمکردووەتەوە. 
 
پێشتریش لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢دا، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، ئۆپێک پڵەس بڕیاری دا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.

ئۆپێک پڵەس لە ٢٣ ئەندام پێکدێت؛ ١٣ یان ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)ـن و یەکەی دیکەیان لە دەرەوەی رێکخراوەکەن.
 



PM:08:09:01/12/2023