وەزارەتی نەوتی عێراق: هەوڵەکانمان بۆ هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم خستووەتەگەڕ

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت" حکومەت سوورە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنه‌وه‌ی نەوتی هەرێـم و لە هەوڵی چارەسەری کێشەکان دایە".

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند" حکومەتی عێراق سوورە لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و بۆ ئەوە مەبەستە تەواوی هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ".

عاسم جیهاد راشیگەیاند" هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە سرووشتی رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت".

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت" حکومەت دەیەوێت بە شێوەیەکی یاسایی پڕۆسەکە رێکبخات بۆ ئەوەی پەلەبکرێت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم".

كۆتایی ئاداری ئەمساڵ، دوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە راگیرا و تائێستا دەستیپێنەكردووەتەوە.



PM:11:21:02/12/2023