ئەمڕۆ خۆپشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران دژی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان لە شارەکانی، سلێمانی، کفری، سەیدسادق، کەلار، هەڵەبجە، کۆیە بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ و فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی دژی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان لە شارەکانی، سلێمانی، کفری، سەیدسادق، کەلار، هەڵەبجە، کۆیە رژانە سەر شەقامەکان و خۆپشاندانیان ئەنجامدا و جارێتر دووپاتیانکردەوە کە تا داواکارییەکانیان جیبەجێ نەکرێت ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند" چارەنووسی پرۆسەی خوێندن بووەتە قوربانی و دەسەڵات لێی بەرپرسیارە، با ساڵێکمان بفەوتێ باشترە".
هەروەها وتیان" حکومەت بە مەبەست داواکارییەکانمان جیبەجێ ناکات، ئێمە خەمخۆرین بۆ خوێندکاران بەڵام حکومەت خەمخۆری کەس نییە".
لە خۆپشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی چین و توێژەکانی دیکە وەکو، خوێندکاران و هاوڵاتیان و مامۆستایانی ئایینی بۆ پاڵپشتی لە امۆستیان بەشداری خۆپشاندانەکان بوون.
زیاتر لە ٧٠ رۆژە هوڵەکانی خوێندن بایکۆت کراون و مەرجەکانی گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن بریتین لە:" پێدانی دوو مووچە و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان".
وێنەی خۆپشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایانی ناڕازی لە خوارەوە ببینن: