كاندیدێکی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆن لە پارێزگای بابل دووردەخرێتەوە

کاندیدێكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە دووردەخرێتەوە

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەسەر دۆسیەی دەستپاکی، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی محەممەد نازم جەنابی، کاندید بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە کاندیدی ژمارە حەوتە لە هاوپەیمانیی مەدار لە پارێزگاری بابل". 
 
دوورخستنەوەی ئەو كاندیدە وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پشتبەستووە بەو نوسراوەی لەلایەن دەستەی دەستپاكیی فیدراڵییەوە پێشكەشكراوە، بەپێیەش كاندیدەكە یەكێك لە مەرجەكانی خۆكاندیدكردنی لەدەستداوە. 
 
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت" ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داوای لە هۆبەی هەڵبژاردن کرد رێکاری پێویست بگرێتەبەر؛ بۆیە رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی ئەو کاندیدە".
 
هاوپەیمانی مەدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ژمارەکەی ٢٢٨ زۆربەی کاندیدەکانی شیعە مەزهەبن و خۆی وەک سەربەخۆ دەناسێنێت. محەممەد شاکر شەممەری سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات.

ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە ١٨ کورسی پێکهاتووە کە ١٣ پیاو و ٥ ژنە .

 بڕیارە رۆژی ١٨-١٢-٢٠٢٣ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای عێراق بەڕێوەبچێت.



AM:12:08:06/12/2023