ئەنجوومەنی وەزیران: ئەوەی بەغدا دەیکات پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە

به‌ ئاماده‌بونی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران،  ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان کرا.

شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند" "ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە ٩٤٤ ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە ١١ ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە".
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان "وەکو لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراقیش دەکات کە "پشتیوانیی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بن تاوەکو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانیان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکرێت و لە چوارچێوەی رێککەوتنەکان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لەڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە" هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات و خەرجییەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێمی کوردستان كردووە.
 
هەروەها هاتووە" پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لەڕێگەی رادەستکردنی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان خەرج نەکردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوانەخەن".

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان پێشکەش کرد، هەروەها ئاماژەی بە هۆکارەکانی توندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەرکردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەموولایەک هاوکار بن لەپێناو جێبەجێکردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان.





PM:07:23:06/12/2023