بەهۆی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بۆماوەی هەفتەیەک خوێندن ڕادەگیرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کۆمسیۆنی باڵای سەبەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاگرتنی دەوامی خوێندنی لە عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕاگەیاند، بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند" کۆمسیۆن قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، بە مەبەستی هەماهەنگی کارکردن لەگەڵ لیژنەی باڵای ئاسایش بۆ گەیاندن و پێداویستییەکانی ناوەندەکانی هەڵبژاردن، گواستنەوەی کەرەستەی هەڵبژاردن، و تەواوکردنی هەموو ئامادەکارییە لۆجستی و تەکنیکییەکان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەو پێیە دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکان لە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی کانوونی یەکەم تا ١٩ی ئەم مانگە لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕادەگیرێت كە وەك ناوەندێكی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئامادە دەكرێن. 

لە ئێستادا حکومەتی عێراق تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستپێکردووە کە بڕیارە لە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەم پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، هەروەها ڕۆژی شەممە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەڕێوەدەچێت.


PM:04:02:10/12/2023