ڤیان سەبری: پێویستە لەگەڵ بەغدا بگەینە رێکەوتنێکی کۆنکریتی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند" پێویستە بۆ ساڵی داهاتوو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە رێککەوتنێکی کۆنکریتی".

ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"  شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەبارەی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنووریەکان لەگەڵ شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق کۆبووە و پێویستە سەردانەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بەردەوامییان هەبێت، تا ئەو کاتەی هەردوولا دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان".

ڤیان سەبری راشیگەیاند" پێویستە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بگەینە رێککەوتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەبارەی هەردوو داهاتی نەوتی و نانەوتی؛ لە داهاتی نانەوتیش، پرسی دەروازە سنوورییەکان گرنگترین بابەتە بۆ هەردوولا".

هەروەها وتی " بە گوێرەی یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەدا ٥٠ـی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، بەڵام کەم و زیادکردنی ئەم رێژەیە بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوولا دەمێنێتەوە".

ڤیان سەبری رایگەیاند" هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، "لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتوونێکی ئەرێنی؛ ئەوەی ماوەتەوە حکومەتی تورکیایە کە پێویستە رێککەوتن لەگەڵ ئەویش بکرێت".

لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا وەستاوە. هەرچەندە چەندین جار بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە، بۆری هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە و سەرجەم لایەنەکان لە عێراق ئامادەییان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەناردەکردنەکە دەستیپێنەکردووەتەوە.



PM:03:50:11/12/2023