بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی دەرکرد

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هەرێم چەند بڕیارێکی، بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەرکرد.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم کە ئاراستەی تەواوی زانکۆکانی حکومی و تایبەتەکان و کۆلیژە زانکۆ و پەیمانگاکان کراوە، تێیدا هاتووە" لە پێناو بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە حکومەتی عێراقی، هەر وانەیەک یاخود تاقیکردنەوەیەک لە ڕۆژانی ١٧-١٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دوابخرێت و بخرێتە ڕۆژانی دواتر و قەرەبوو بکرێنەوە بۆ قوتابیان و خوێندکارانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو دوو رۆژەی هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران کە دەنگیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە نەهاتوو هەژمار ناکرێن.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەروەها ڕۆژی شەممە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان ئەنجام دەدرێت. 


PM:01:23:13/12/2023