"به‌شێك له‌ هێرشكارانی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا دەستگیرکران"

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەستگیرکردنی بەشێک لەو کەسانەی ڕاگەیاند کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد. 

یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵڵا، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" ئەو هێرشەی کە لە ٧ی ئەم مانگەدا ڕوویدا و باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەشێک لە باڵەخانە حکومییەکانی کردە ئامانج، ئەم جۆرە هێرشانە تەحەمول ناکرێت و قبوڵ ناکرێت". 

یەحیا ڕەسوڵ ڕاشیگەیاندووە" ئه‌و هێرشانه‌ نوێنه‌رایه‌تی مەترسییەكی جددی ده‌كه‌ن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات، زیان به‌ ناوبانگ و کەرامەتی عێراق دەیگەیەنێت و پرسیار له‌سه‌ر سه‌روه‌ری و توانا ئه‌منییه‌كانی دروستده‌كات". 

جەختیشیکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنی بە دادگا، لە ژێر ڕێنمایی ڕاستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی.

ئەوەش هاتووە" دەزگا ئەمنییەکانمان، دوای هەوڵێکی چڕ و پڕی تەکنیکی و هەواڵگری، توانیان ناسنامەی تاوانباران دەستنیشان بکەن، وەک زانیارییە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە بەشێکیان، بەداخەوە، پەیوەستن بە هەندێک لە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانەوە، هەروەها دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بەدواداچوون و فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد، دەزگا ئەمنییەکان ژمارەیەکیان دەستگیرکردووە و هەوڵەکانی گەڕان و لێکۆڵینەوە تا ئێستاش بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەنە هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لەم هێرشەدا کردووە، بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگا پەیوەندیدارەکان ئامادەبن و سزای دادپەروەرانەی خۆیان بەپێی یاسا وەربگرن". 

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت، لەلایەن چەند مووشەکێکەوە کرایە ئامانج کە هیچ زیانێکی مرۆی لێنەکەوتەوە. 


PM:02:20:14/12/2023