لاهور جەنگی بۆ کەرکوکیەکان: تکایە دەستبادان ساردتان نەکاتەوە


لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی لە پەیامێکدا لە بارەی هەڵبژاردنی پارێزگاکانەوە دەڵێت" ، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن".

لە پەیامێکدا لاهور شێخ جەنگ کە ئاراستەی هاوڵاتیانی کوردی لە ناوچە جێناکۆکەکان کردووە دەڵێت" کەرکوکییە ئازا و بەهەڵوێستەکان، خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی شەنگال و شێخان و مەخموور و دووزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی. چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ ئەوەی ئێوەی خۆشەویست، ئێوەی قوربانی و ماندوو و برینداری دەیان ساڵەی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و سیاسەتە هەڵە و نابەرپرسیارەکانی دەسەڵاتەکانی دوای ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق، بڕۆنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەرەکانتان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکەتان دیاری بکەن".

 لە درێژەی پەیامەکەیدا دەشڵێت " بەم بۆنەیەوە دەمەوێت وەک بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرشانم بە تکایەکی برایانە پێتان بڵێم؛ کە ململانێ لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان تەنها ڕەهەندی حیزبی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانیشی هەیە، بۆیە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی ئازیز ئێجگار گرنگ و پڕ بایەخە، تکایە با ململانێی ناپەسەندی سیاسی و قۆڵبادانی حیزبی ساردتان نەکاتەوە لەوەی بڕۆن بەشداری بکەن، بەشداریکردنی هەموو دەنگێکی کورد گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پاراستنی سەنگ و پێگەی کورد لەو شارەدا".

لاهور جەنگی داوا لە دەنگدەران دەکات بە هۆشیاریی و ئاگاییەکی باڵاوە دەنگ " بەو کاندیدە کوردانە بدەن کە پێتان وایە دەتوانن دڵسۆزانە خزمەتی خۆتان و شارەکەتان بکەن، گرنگ ئەوەیە بە فراوانی بەشداری بکەن، جا دەنگ دەدەن بەکێ ئازادن و دەرفەتتان هەیە لە نێوان کاندیدە کوردەکاندا هەرە باش و دڵسۆزەکان جیابکەنەوە و سەریانبخەن کە شایستەی ئەوە بن لە ئەنجوومەنێکی خزمەتگوزاریی و بە هاوبەشی لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەن لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا جیاوازەکان و پاڵپشت بە بنەماکانی ئاشتی و پێکەوەژیان ئەنجوومەنی پارێزگا کارا بکرێتەوە". 

لە کۆتایی دا دەڵێت " جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێوە بەرپرسیارانەتر لەو حیزب و کەسانە مامەڵە بکەن کە هیچ ڕێزیک بۆ پێگەی کەرکوک و قوربانییەکانی ئێوە دانانێن، ئێوە ببنە پارێزەری سەنگ و پێگەی خۆتان لە ئێستا و ئایندەی شارەکەتاندا".




PM:11:56:15/12/2023