ڕێگە نەدرا وەزیری ناوخۆی عێراق دەنگ بدات

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێگەیان نەدا عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق دەنگ بدات. 

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە" ئەمڕۆ عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، بە مەبەستی دەنگدان گەیشتە بنکەی دەنگدان لە هۆتێل رەشید لە ناوەڕاستی بەغداد، بەڵام کارمەندانی کۆمسیۆن رێگریان لێکرد". 

ئاماژە بەوەش دەكەن، كارمەندانی كۆمسیۆن بە وەزیری ناوخۆی عێراقییان وتووە" دەبوو ڕۆژى ١٦ى ئەم مانگە بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بە هێزە ئەمنییەكان بكەیت و دەنگ بدایە، ناتوانیت لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدەیت". 

لە كاتژمێر (٧:٠٠)ی به‌یانی ئه‌مڕۆوە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (١٥) پارێزگای عێراق به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دەستیپێکرد و بڕیاره‌ تا کاتژمێر (٦:٠٠)ی ئەم ئێوارەیە بەردەوام بێت.


AM:11:27:18/12/2023