کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: دەنگدان بەباشی بەڕێوە دەچێت و رێژەی بەشداربوان باشە

وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە تا ئێستە ڕێژەی بەشداریی تا ئاستێك باشە و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆش دروست نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەم ١٨ـی كانوونی یەكەم، جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" پرۆسەی دەنگدان بەشێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت، تا ئێستەیش هیچ كێشەیەكی وا دروست نەبووە".

هەروەها وتی" پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بە باشی بەڕێوە دەچێت و ڕێژەی بەشداریكردن لە سەعاتەكانی یەكەمەوە باش بووە، لە سەعاتەكانی داهاتووشدا زیاد دەكات، هیچ پێشێلكارییەكیش تۆمار نەكراوە".

لەبارەی كێشەی ئامێرەكان جومانە غەلای راشیگەیاند" تا ئەم ساتە هیچ حاڵەتێكی وەستانی هیچ كام لە ئامێرەكانی دەنگدان لە سەرجەم ناوەندەكانی سەرانسەری پارێزگاكانی عێراقدا نەبووە، حاڵەتێكی درەنگ تۆماركردن هەبوو، ئەویش چارەسەر كرا".

لە كاتژمێر (٧:٠٠)ی به‌یانی ئه‌مڕۆوە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (١٥) پارێزگای عێراق به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دەستیپێکرد و بڕیاره‌ تا کاتژمێر (٦:٠٠)ی ئەم ئێوارەیە بەردەوام بێت.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ١٥ ملیۆن و ١٠٨ هەزار و ١٣٥ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ١ ملیۆن و ١٥٣ هەزار و ٤٠٠ دەنگدەر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەنگ دەدەن، هاوکات ٥ هەزار و ٩١٥ کاندید کێبڕکێ لەسەر (٢٨٥) کورسی بۆ ئەنجوومەنی (١٥) پارێزگای عێراق بە کەرکوک و نەینەواوە دەکەن کە (٧٥)یان کۆتای ژنانن و (١٠) کۆتای دیکە بۆ کریستیان، شەبەک، کوردی ئێزدی، کوردی فەیلی، سائیبەی مەندایین. 







PM:02:02:18/12/2023