کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کاتی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی ئەمڕۆی راگەیاند

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند" هەڵبژاردن لەکاتی خۆی تەواو دەبێت و ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە".

کەمێک لەمەوبەر عەلی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە" کاتژمێر ٦ی ئێوارە دەرگای بنکەکانی هەڵبژاردن دادەخرێت و ئەو کاتە درێژناکرێتەوە".

دەشڵێت" تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی ئەوتۆ تۆمارنەکراوە کە شیاوی باسکردن بێت".

لایخۆشیەوە ئەحلام ئەلجابری ئەندامی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە" هیچ کێشەیەک لە ئامێری دەنگدان نییە و ئەوەی لە دەنگدانی تایبەت روویدا چارەسەر کراوە و تەنیا گرفتێکی تەکنیکی بووە".

ئاماژەیان بەوەشداوە کە ئەوان هیچ سکاڵایەکیان بەدەست نەگەیشتووە و پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت.

لە كاتژمێر (٧:٠٠)ی به‌یانی ئه‌مڕۆوە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (١٥) پارێزگای عێراق به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دەستیپێکرد و بڕیاره‌ تا کاتژمێر (٦:٠٠)ی ئەم ئێوارەیە بەردەوام بێت





PM:03:39:18/12/2023