لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگهیاند، "نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کەس دەسگیرکراون و رادەستی یاسا کراون، کە هەوڵیان دەدا یاساکانی کۆمسیۆن پێشێل بکەن".
ئەمڕۆ سێ شەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی٢٠٢٣، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی رایانگەیاند: "لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەموو هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی پڕۆسەکە خستەگەڕ، سەردانی هەموو بنکەکانمان کردووە، لەسەر ئاستی کۆمسیۆن و تەکنیکی هەماهەنگیمان هەبوو، رێککاری زۆرباشی ئەمنیمان گرتەبەر لە هەڵبژاردنەکان، لەلایەن کۆمەڵێک لیژنەوە کە سەر بە ئۆپەراسیۆنەکان بوون سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانمان کردووە، پەیوەندییمان هەبووە لەگەڵ هەموولایەنەکان".
باسی لهوهشكرد، ئێمە وەک لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣، پلان و کارەکانمان وەک خۆی بە تەواوی جێبەجێ کرد، هیچ پێشێلکارییەک ئەمنی تۆمار نەکرا، لەمیانەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و بۆ یەکەمجارە هێزە ئەمنییەکان دەست لەناو دەست بەشێوەیەکی سەرکەوتوو ئەکادیمی یاسایان جێبەجێکردووە".
راشیگهیاند: "نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کەس دەسگیرکراون و رادەستی یاسا کراون کە هەوڵیان دەدا یاساکانی کۆمسیۆن پێشێل بکەن، یاخود کڕین و فرۆشتن بە کارتەکانی دەنگدانەوە بکەن، هێزە ئەمنییەکان پێکەوە بەیەک چاو سەیری هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دەکەن، توانیومانە ٧٠.٨٠% فلاش میمۆری چاودێری سندووقەکان، بەرێگای وشکانی و فڕۆکە بگوازینەوە بۆ نووسینگەی سەرەکی کۆمسیۆن لە بەغدا".
روونیکردەوە، ئەو هێلیکۆپتەرەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری دووزخورماتوو کەوتە خوارەوە هیچ پەیوەندییەکی بە لیژنەکەیانەوە نەبووە.