سحر و جادوو لە هەرێم قەدەغە دەکرێت و سزای بۆ دادەنرێت

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم دیاردەی سحر و جادوو قەدەغە دەکات و سەرپێچیکارانیش ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە.

لە بڵاوکراوەیەکدا وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد'' لەمەودوا بەپێی (ڕێنمایی یاسایی) دیارەدەی سحرو جادوو بنەبڕ دەکرێت و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزا دەدرێن''.

بەگوێرەی رێنماییەکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٢٣ کە لە ژمارە (٣١٣)ـی (١٤ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣)ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، دیارەدەی سحر و جادوو و ھاوشێوەکانی کە پێچەوانەی بنەما ئایینییەکانە، بەھەموو شێوەیەک قەدەغە دەکرێت.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە رێگەی راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەکارهێنانی رێگاکانی فێلکردن و هەڵگرتنی نازناوی ساختە و نادروست وەک دەستەواژەی (شێخ، مەلا، قەشە، بانگخواز، پزیشکی ئایینی و هاوشێوەکانی) بە بەکارهێنانی پەرتووکە پیرۆزەکانی خودا بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و سوودمەندبوون قەدەغەیە''.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە'' دروستکردنی نووشتە، جادووکردن و دەرکردنی جنۆکە قەدەغەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، فرۆشتنی گیادەرمان و خۆراک و خوارنەوە وەک (ئاو، گوڵا، هەنگوین، رەشکە و پێداویستی دیکە) بەناوی چارەسەری پزیشکی ئایینی لە رێنماییەکەدا قەدەغەکراوە''.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، هەواڵی بڕینی چەندین ئەندامی ئاژەڵان بڵاوبووەوە، کە بۆ مەبەستی سحر و جادوو بەکار دەهێنرا، لە بەر ڕۆشنایی ئەم بریارەدا لەمەولا ئەو دیاردەیە بنبڕ دەکرێت و چیتر ئاژەڵان نابنە قوربانی کردەوەکانی جادووکەران.


AM:09:05:22/12/2023