باران بارین لە شارەکان‌و بەفربارین لە چیاکان بەردەوام دەبێت

کەشناسێکی شارەزا پێشبینی دەکات کە باران بارین لە ناوچە دەشتییەکان بەردەوام دەبێت، هەرچی ناوچە شاخاوییەکانە بەفر دەبارێت، ئەم شەپۆلەش تا ئێوارەی دوو شەممە بەردەوام دەبێت.

کەشناسی شارەزا ئاراس جەبار بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ ی کانوونی یەکەم لە نووسینێکی نوێی دا دەڵێت" لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست سبەی یەکشەممە ٢٤ ی کانوونی یەکەم ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی ھەرێم بەدرێژای کاتەکان ھەوری باراناوی ئەبێت و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک کاریگەری شەپۆلەکە لاواز ئەبێت و ئاسمان زیاتر ئەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەندێک کات و ناوچە ئەگەری تاوە باران و ھەورە بروسکە ئەبێت، لەسنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و شاخاویەکانی لە زۆربەی کاتەکان بارانی مامناوەند ئەبێت ھەندێک کاتیش ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت لەگەڵ بەردەوامی بەفر بارین لە چیا بەرزەکاندا ، لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەکانی کاریگەری شەپۆلەکە بەھێز ئەبێت و زۆربەی کاتەکان بارانی مامناوەند و ھەندێک کاتیش بارانەکە بەلێزمە ئەبێت".

ئەو پسپۆرە دەشڵێت" لەم دوو رۆژەی داهاتوودا ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت و بەفر بارین لە چیا بەرزەکاندا ، هەرچی لەسنوری پارێزگای ھەڵەبجە ھەندێک کات بارانی مامناوەند و پچر پچر ئەبێت ، لەناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان ئاسمان زیاتر نیمچە ھەور و ھەندێک کات تاوە بارانی رێژە مامناوەند ئەبێت ، پلەی گەرمی بەڕاورد بە ئەمڕۆ جێگیر ئەبێت و خێرای با زۆربەی کاتەکان لەئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاوای چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥ تا ٣٠کم لەکاتژمێرێکدا".

ئاراس جەبار لەبارەی کۆتایی هاتنی ئەم شەپۆلەوە، دەڵێت" کاریگەری ئەم شەپۆلە لە بەیانی رۆژی دووشەمەوە  لاواز ئەبێت و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و کەرکوک و گەرمیان کۆتای پێدێت، بەڵام بەلاوازی لەناوچە شاخاویەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین ناوچە شاخاویەکانی خۆرھەڵاتی پارێزگای ھەولێر تا کاتەکانی ئێوارەی دووشەمە بەردەوامی ئەبێت و پاشان لەم ناوچانەشدا کۆتای پێدێت". 



AM:09:34:23/12/2023