شارەزایەکی کەشناسی ئەمڕۆ روونیکردەوە کە لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ بارانبارین کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.
شارەزایەکی بواری کەشناسی، ئاراس جەبار ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند" لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست بارانبارین لەناوچە جیاجیاکاندا بۆ ئەمڕۆ و کاتەکانی شەو بەردەوامی ئەبێت و بەیانی سبەی دووشەمە ٢٥ی مانگ لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و کەرکوک و گەرمیان کۆتای پێدێت و لەناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم تا کاتەکانی ئێوارە بەشێوەیەکی لاواز نمە باران بەردەوامی ئەبێت ، پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٢ تا ٣ پلە بەرزدەبێتەوە ، خێرای با لەسەرخۆ ئەبێت ٥-١٠ کم/س".
ئاراس جەبار راشیگەیاند" لە رۆژی سێشەمەوە ٢٦ی مانگ ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە تا ماوەی ١٠ رۆژ یان زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری زنجیرەیەک بەرزەپاڵەپەستۆ کە لەسەرناوچەکانی باشوری ئەوروپا و باکوری رۆژھەڵاتی ئەفریقا بەئاراستەی ناوچەکانمان دێت و بەدرێژای ئەو ماوەیە کەش و ھەوا سەقامگیر ئەبێت و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ساماڵ ئەبێت و پلەکانی گەرما بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت".