لە سلێمانی پزیشکانی پلەبەند بایکۆتی سەرتاسەرییان راگەیاند

پزیشکانی پلەبەندی شاری سلێمانی رایدەگەیەنن" بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە لە ئەمڕۆوە بایکۆتی گشتی رادەگەیەنین". 

پزیشکانی پلەبەندی شاری سلێمانی و دەوروبەری، ئەمشەو دووشەممە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و هاوپیشەکانیان کردووە، دەڵێن" وەک لای هەمووان ئاشکرایە وا پێ دەنێینە ساڵی ٢٠٢٤ و هێشتا مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ نەدراوە و بگرە هیچ باس و خواسێک نیە لەسەر دان یان نەدانی".

دەشڵێن" هەرچەندە هەموو پزیشکان لەم بێ مووچەییەدا تا ئێستا بەبێ کەموکورتی دەوامی خۆیانکردووە و تەواوی ئەرکەکانی سەرشانیان ڕاپەڕاندووە هەروەکو ئەوکاتەی مووچە ٣٠ رۆژ جارێک دەدرا، بە تایبەت پزیشکانی پلەبەند کە زۆرترین ئەرکمان لەسەرە بەرامبەر کەمترین ماف و بە بەردەوامی دەوامی سەرجەم مەڵبەند و بنکە تەندرووستییەکانمان کردووە و هیچ دەوامێکمان بۆ کەم نەکراوەتەوە کە نزیکەی ١٩٠ کاتژمێر دەوامی مانگانە دەکات سەرەڕای مەسرووفاتی هاتوچۆ و خواردن". 

ئەوەشیان خستەڕوو، پزیشکانی پلەبەند چیتر ناتوانن دەوام بەم شێوەیە بکەن و لە گیرفانی خۆیان مەسرەفی هاتوچۆ و خواردن و هتد، بکەن، هەربۆیە لەمڕۆوە بایکۆتی سەرجەم بنکە و مەڵبەندە تەندروستیەکان دەکەن، تا کاتێک کە خۆشیان نازانن کەی دەبێت، چونکە وادەی دابەشکردنی مووچە دیار نییە. 


PM:08:10:25/12/2023