"ناڕایەتییەکانی مامۆستایان گەشتووەتە ئاستێک دەرهاویشتەی خراپی لەسەر کۆمەڵگە هەیە"

فیدراسیۆنی رێکخراوەکان لەبارەی پرسی خوێندن لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنن" ئەم دۆخی ناڕایەتییە گەشتووەتە ئاستێک دەرهاویشتەی خراپی لەسەر کۆمەڵگە هەیە". 

ئەمشەو دووشەممە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە" دۆخێکی ناساز لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووی لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێم کردووە کە بارێکی گرانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەی و دەرونی دروستکردووە، بەهۆی ئەو فشارە ئابورییەی کە بەگشتی ڕووی لە توێژی مامۆستایان و فەرمانبەران کردووە، بەهۆی دووبارەبوونەوەی نەدانی شایستە داراییەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک مووچەخۆران بایکۆت و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە". 

ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەمساڵیش مامۆستایانی ناڕازی لە چەند بارەبوونەوەی گرفتەکانیان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە بڕیاری بایکۆتی چوونەوە ناو ناوەندەکانی خوێندنیاندا، ئەگەر هەوڵێکی جدی نەدرێت بۆ جێبەجێکردنی مافە یاساییەکانی مامۆستایانی نارازی و فەرمانبەران بەجۆرێک فریای کۆرسی دووەمی خوێندن بکەوێت، ئەوا ڕەنگە ساڵێکی خوێندن لەو ناوچانە بفەوتێت، ئەم دۆخی ناڕایەتییە گەشتووەتە ئاستێک دەرهاویشتەی خراپی لەسەر کۆمەڵگە هەیە. 

فیدراسیۆنی رێکخراوەکان لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا داواکارن کە هەموو خەڵکێکی خاوەن بڕیار و خاوەن نفوز و کاریگەر دەستپێشخەری بکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک کە بڕیار بەدەستانی هەرێم بیگرنەبەر، تاوەکو پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ پەکی نەکەوێت دەستپێبکاتەوە. 


PM:10:04:01/01/2024