کەشناسێک: پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و بەفر و باران دەبارێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات شەپۆلێکی چڕی بارانبارین  ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.

ئەمڕۆ شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاراس جەبار رایگەیاند" لە ئەنجامی لەنگەرگرتنی نزمەپۆشەکانی زەریای ئەتڵەسی بە ئاراستەی دەریای ناوەراستەوە و چالاکبوونەوەیان بەڕووی وڵاتانی شام و عێراق و تورکیا لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەمەوە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان ئەگرێتەوە و بەھۆی دابەزینی بارستە ھەوایەکی ساردی جەمسەری بۆ سەر باکور و رۆژھەڵاتی ئەوروپا و کاریگەری لاوازی لەسەر کەش و ھەوای ناوچەکانمان لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا پلەکانی گەرما بەرێژەی ٥ تا ٦ پلە  بەڕاورد بەرۆژانی داھاتوو نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت".

ئاراس جەبار ئەوەشی خستەڕوو" شەپۆلێکی چڕی بەفر بارین ناوچە سنوری و شاخاویەکان ئەگرێتەوە کە لە بەرزی زیاتر لە ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ئەگەری ناوبەناو بارینی بەفر و باران ئەبێت و لەبەرزی زیاتر لە ١٥٠٠ مەتریش بەھۆی نزمی پلەکانی گەرما بەفر بەشێوەیەکی تەواو ئەبارێت ، بەگشتی ماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە پێشبینی دەکرێت لەسەر ناوچەکانمان تا رۆژانی ١٥ و ١٦ی ئەم مانگە بخایەنێت و ئەگەری بارینی بارانێکی باش لەسەرتاسەری ناوچەکانی ھەرێمدا و بارینی بەفرێکی باش لەناوچە شاخاویەکان لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا ئەبێت''. 

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئاماژە بەوەش دەدات کە لەماوەی ئەم شەپۆلەدا ئەگەری بەفر بارین بۆ سەنتەری پارێزگا و شارەکانی ھەرێم لاوازە و پێشبینی ناکەین بەفر لە ناوەندی شارەکان و ناوچە نزمەکاندا ببارێت تەنھا لە ناوچە شاخاویەکاندا لەبەرزی ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا ئەگەرەکان کراوە ئەبێت.  




AM:09:50:06/01/2024