پلەکانی گەرما لە ئۆسلۆ بۆ ٣٠ پلەی ژێر سفر دابەزی

لە کاتێکدا شەپۆلێکی سەرما و بەستەڵەک باکووری ئەوروپای گرتووەتەوە، پلەکانی گەرما بۆ یەکەمجار لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بۆ ٣٠ پلەی ژێر سفر دابەزی. 

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فرانس (٢٤)، ئەمڕۆ شەممە وڵاتی نەرویج نزمترین پلەی گەرمای لە مێژووی خۆیدا تۆمارکرد کە لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتەکەیدا (٣٠) پلەی ژێر سفری تێپەڕاند، لە کاتێکدا ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی سارد و بەستەڵەک باکووری ئەوروپای گرتووەتەوە، هەروەها ئەمڕۆش لە باکووری سوید بەرزترین پلەی پێوانەی تۆمارکراوە کە (٤٣.٦) پلەی سەدی لە ژێر سفرەوە بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە ئۆسلۆ پلەکانی گەرما بۆ زیاتر لە (٣٠) پلەی ژێر سفر دابەزین و بەپێی داتاکانی خزمەتگوزاری کەشناسی ناوخۆی لە شاری بیۆرنهۆڵت لە باکووری پایتەختی نەرویج پلەی گەرما (٣١.١) پلە لە ژێر سفرەوە تۆمارکراوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی سارد ڕووی لە باکووری ئەوروپا کردووە و ئەمڕۆش لە باکووری سوید (٤٣.٦) پلەی سەدی لە ژێر سفرەوە بووە کە نزمترین پلەی گەرمایە لە ماوەی (٢٥) ساڵدا لەسەر خاکی سوید تۆمارکراوە.


PM:04:49:06/01/2024