کەشناسێک کاتی دەستپێکردنی بارانبارین و زیادبوونی خێرای بای ڕاگەیاند

شارەزایەكی بواری كەشناسی ڕایدەگەیەنێت" شەوی سێشەممە بارانبارین بەشێوەی پچر پچر لە كات و شوێنی جیاجیادا دەستپێدەكات و خێرای باش زیاد دەکات". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" ڕۆژی سێشەممە ٩ی کانوونی دووەم لە ئەنجامی كاریگەری سەرەتایی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست بۆسەر ناوچەكانمان ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور لە زۆربەی ناوچەكان بای باشور و باشوری رۆژھەڵات لە كاتەكانی نیوەرۆ بە دواوە بۆ كاتەكانی شەو چالاك دەبێت ناوبەناو بەخێرای ١٥ تا ٢٥كم زیاتر لە كاتژمێرێكدا و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێكی سوك دەبێت لە ناوچەكانی سنوری گەرمیان و پارێزگای كەركوك". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەكانی گەرما بەراورد بە ڕۆژی دووشەممە ١ تا ٢ پلە نزمدەبێتەوە، لە كاتەكانی ئێوارە و شەودا بارانبارین بەشێوەی پچر پچر لە كات و شوێنی جیاجیادا دەستپێدەكات و ھەندێ ناوچەش بە دیاری نەكراوی تاوە باران و ھەورە بروسكەی تیادا دروست دەبێت.


AM:12:01:09/01/2024