مامۆستایانی وانەبێژ: بایکۆت لەوپەڕی وزەی خۆیدایە

مامۆستایانی وانەبێژ ڕایدەگەیەنن" هەوڵی نەزۆک و چەواشەکاری میدییایی کۆتایی ناهێنێ بەم شۆڕشە مەدەنییەی کە سێ مانگە وزە و مەبدەئی مامۆستایانی لە پێناودا خراوەتەگەڕ"، دەشڵێن" بایکۆت لەوپەڕی وزەی خۆیدایە و لە سەرجەم شاروشارۆچکەکان بەردەوامە". 

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا بڵاویانکردەوە" ڕۆژی سێشەممە لە چوارچێوەی هەوڵی لە رزۆک و ناپەروەردەییانەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن، زانیومانە چەندین کەناڵی حیزبی و سێبەری حیزبیی پەیامنێرانیان دابەشکردووە بە سەرجەم شاروشارۆچکەکاندا تا کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان وەک شکاندنی بایکۆتی مامۆستایان پیشان بدەن". 

"هەر بۆیە داوا لە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ و مامۆستایانی دامەزراویش دەکەین، بەرپرسیارانە هەڵوێست وەرگرن هەر لێدوانێک کە دەدرێ ڕاستگۆیانە بدرێ و بەڵێنی ئینساندۆستی و پەروەردەییانەی سەرشەقامتان لەبیر نەچێتەوە، بەتایبەت کە ئێستا بایکۆت لەوپەڕی وزەی خۆیدایە و لە سەرجەم شاروشارۆچکەکان بەردەوامە و مامۆستایان لەسەر هەمان ئیرادەی وەرزی یەکەمیان ڕێگا دەبڕن". (مامۆستایانی وانەبێژ لە ڕاگەیەندراوەکەدا وادەڵێن)

جەختیش دەکەنەوە، لە نزیکترین کاتدا خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەکەن، تا ئەوکاتەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی لەسەر کێشەی مامۆستایان ئەنجامدەدات. 

دەشڵێن" ئەوەش دووپات بکەنەوە کە هەوڵی نەزۆک و چەواشەکاری میدییایی کۆتایی ناهێنێ بەم شۆڕشە مەدەنییەی کە سێ مانگە وزە و مەبدەئی مامۆستایانی لە پێناودا خراوەتەگەڕ".


AM:12:11:09/01/2024