بەشێک لە خوێندنگەکانی سلێمانی کرانەوە
چەند خوێندنگەیەکیش بە داخراوی مانەوە

دوای بڵاوکردنەوەی ساڵنامەی نوێی خوێندن لەلایەن پەروەردەی هەرێمەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەرگای چەند قوتابخانەیەک کرانەوە و چەند قوتابخانەیەکی دیکەش بە داخراوی مانەوە و مامۆستایانی نارازی بەردەوامن لە بایکۆت. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، بەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندنگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان بە دەوامکردنکردەوە، بەڵام تائێستاش لە بەشێکی تری خوێندنگەکانی شارەکە و بەشێکی خوێندنگەکانی پارێزگای هەڵەبجە، کفری و شارۆچکەی کۆیە تائێستا بایکۆت بەردەوامە و دەوام دەستی پێنەکردووەتەوە.

دوێنێ پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەیەکی نوێی خوێندن بڵاوکردەوە و بەپێی بڕیارەکە بۆ وەرزی یەکەم و دووەم چوار مانگ دەوام دەکرێت، واتە تاوەکو ٣٠ی ئایار.

هەروەها هەر دوێنێ لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا مامۆستایانی ناڕازی جەختیان لەوەکردەوە کە تا سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئامادە نین دەست بە دەوام بکەنەوە.


AM:11:40:09/01/2024