ئاگر لە کەمپێکی کوردانی ئێزدی کەوتەوە

لە سنووری قەزای شێخان ئاگر لە کەمپێکی کوردانی ئێزدی کەوتەوە، پێنج کەرەڤانە لە کەمپەکە سووتاون. 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ لە سنووری قەزای شێخان ئاگر لە کەمپی مام رەشان کەوتەوە، کە کوردانی ئێزدی تێیدا نیشتەجێنە، لەمبارەیەوە پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هاوئاهەنگی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە و بەهۆی ئاگرەکەوە پێنج کەرەڤانە لە کەمپی مام رەشان سووتاون".
 
پیر دەیان جەعفەر ئاماژەی بەوە کرد، لە رووداوەکەدا زیانی گیانی نەبووە.
 
لە سنوری پارێزگای دهۆک ١٦ کەمپی ئاوارەکانی شنگال هەیە.

بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٢، حەوت هەزار و ٥٤٦ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە. تاوەکو ئەمڕۆ ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاونەکراونەتەوە.
 



PM:08:01:09/01/2024