لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان ٥٥ قوتابی ژەهراوی دەبن

لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی سیڤەرەک لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان بەهۆی خۆراکەوە، ٥٥ قوتابی ژەهراوی بوون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارۆچکەی سیڤەرەک، لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان رایگەیاند" ٥٥ قوتابی لە قوتابخانەی بنەڕەتیی کەمال کاراکایالی رووها گەیێندرانە نەخۆشخانەی فێرکاریی شارۆچکەکە. پزیشکەکانی نەخۆشخانەکە پشکنینی خێرایان بۆ قوتابییەکان کرد و دەرکەوت بەهۆی خواردنی ژەمی نیوەڕۆی قوتابخانەکە، بە خۆراک ژەهراوی بوون".

وتیشی" دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە سەردانی قوتابییەکانی کرد، رایگەیاند ٣٩ قوتابی چارەسەریان وەرگرتووە و لە نەخۆشخانە دەرچوون. هەروەها ١٦ قوتابییەکەی دیکەش رەنگە ئەمشەو لەژێر چاودێری پزیشکەکان بمێننەوە". 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، قوتابییەکان دوای نزیکەی سێ کاژێر لە خواردنی ژەمی نیوەڕۆ، تەندروستییان تێکچوو و جگە لە ژانی گەدە، بەشێکیان رشاونەتەوە، کارگێڕی قوتابخانەکە پەیوەندیی بەلایەنی تەندروستی کرد و بە ئەمبووڵانس، قوتابییەکان رەوانەی نەخۆشخانە کران و چارەسەریی وەردەگرن. چەند قوتابییەکیش تەندروستییان ناجێگیرە. 
 
دوای رووداوەکە، پۆلیسی شارۆچکەی سیڤەرەک دەستی بەلێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کرد، کە رۆژانە خواردن بۆ ئەم قوتابخانەیە و چەند قوتابخانەیەکی دیکە ئامادە دەکات. 
 



AM:12:03:11/01/2024