لە پارێزگای سلێمانی پزیشکان بایکۆتی دەوامیان کرد

بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچەوە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و دەڵێن"  تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیانمان مووچەیە، لەم قەیرانەدا بایکۆت تەنها چارەسەرە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە١١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤  دکتۆر هارون عوسمان، نوینەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئێمە وەک پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچەوە بایکۆتی دەواممان کردووە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو" ڕاگەیەندراوێکمان ئاڕاستەی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی کردووە، تا ئێستا هەماهەنگیمان لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی نییە، چاوەڕێی پزیشکانی پلەباڵا دەکەین کە بێنە پاڵمان ئەو کاتە هەڵوێست و بڕیارمان دەگۆڕێت".

د. هارون عوسمان سەبارەت بەوەی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە قاوشە هەستیارەکانی نەخۆشخانەکان دەوام دەکەن وتی" ئێمە پێمان خۆشنییە هاوڵاتییان زەرەرمەندببن، بەڵام تەنها سەرچاوەی بژێوی ئێمەش مووچەیە و ناتوانین بەم شێوەیە دەوامبکەین و بایکۆتمان بە چارەسەر زانیوە".

پزیشکانی پلەبڵند و نیشتەجێی خولاو ژمارەیان زیاتر لە ٦٠٠ پزیشک دەبێت کە بەشی فریاگوزاری، بەشی چاودێری چڕ، ناوەند و مەڵبەندە تەندروستییەکانی ناوشار و دەرەوەی شار بەڕێوەدەبەن، نەبوونیان کەلێنێکی گەورە دروستدەکات و زیان بە کەرتی تەندروستی دەگەیەنێت.
 



AM:11:25:11/01/2024