ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیان بۆسەر حوسییەکان دەستپێکرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ چەند پێگەیەکی حوسییەکان لە یەمەن کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیانەوە کراونەتە ئامانج. 

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، بەیانی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە" هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاری ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا هێرشیان دژی حوسییەکان ئەنجامداوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە بۆردومانکردنی فڕۆکە (١٠٠) موشەک ئاراستەی بنکە سەربازیەکانی حوسییەکان کراوە. 

هەروەها لای خۆشیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە فڕۆکە و کەشتی جەنگییەوە هەڵمەتیان ئەنجامداوە و شوێنەکانی سەر بە میلیشیای حوسییەکانیان لە یەمەن کردووەتە ئامانج.

ئەو هەڵمەتانە چەندین شاری یەمەنیان کردە ئامانج لەوانە (حودەیدە، سنە، تائیز و سەعدە).

هاوکات ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند" ئامانجی هێرشەکانمان بۆسەر حسییەکان کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە بۆ دەریای ناوەڕاست". 

جەختیش دەکەنەوە، سەقامگیری بۆ رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سور دەگەڕێننەوە. 


AM:08:53:12/01/2024