کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش دادەبەزن

ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەمڕۆ سبەی باران بارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش دادەبەزن". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ بەگشتی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، بارانبارین لە هەندێ کات لەسەر ناوچە جیاجیاکان بەشێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند بەردەوام دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەرزەکانیش بەفربارین و بارانی مامناوەند دەبارێت، هەروەها لە کاتەکانی شەودا باران بارین زیاد دەبێت بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان و لە سنووری پارێزگای دهۆک، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باشووری خۆرئاوا و مەودای بینین (٥ – ٨)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ (یەک تا دوو) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ شەممە بە درێژای کاتەکان ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، باران بارینی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ لێزمە باران، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفربارین بەردەوامی دەبێت بە تایبەتی ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوریەکان، خێرای با (١٥ – ٢٥)کم دەبێت، بەڵام هەندێک کات خێراییەکەی زیاد دەبێت بۆ نزیک (٣٥)کم بە ئاڕاستەی باشووری خۆرئاوا و مەودای بینین (٥ – ٧) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (یەک تا سێ) پلە نزمدەبنەوە. 


PM:01:16:12/01/2024