بافڵ تاڵەبانی: چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان مایەی نیگەرانی قووڵمانە

سەرۆکی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کرد و و دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان تاوتوێکران، لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتی وتی" چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان مایەی نیگەرانی قووڵمانە".

‌‎لەدیدارەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانیش ئامادەبوو و دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان تاوتوێکران و هەردوولا هاوڕابوون پێویستە هەموو هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بێت.

‌‎بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند" پێویستە وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە لە سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق بڕوانن".

سەرۆکی یەکێتی وتیشی" چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان مایەی نیگەرانیی قووڵمانە، توندوتیژی خزمەت بە دۆخەکە ناکات و دەبێت هەموو هەوڵەکان لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریدا بێت".



PM:10:39:17/01/2024