لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٨٢٩ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە لە ناویاندا ٢٢ ژن و ٥ منداڵ هەبووە و بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٣.٥٪ زیادی کردووە.
بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٨٢٩ زیندانی لەسێدارە دراون کە ٦ کەسیان لە شوێنی گشتی لەسێدارە دراون و لە کوێ ئەم ٨٢٩ کەسە ٢٢ کەسیان ژن و ٥ کەسیان منداڵ بوون.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات کە ئامارەکان بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، ٢٨٩ حاڵەت واتە ٥٣.٥٪ زیادی کردووە، و زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدانیش لە پارێزگای ئەلبورز تۆمار کراوە.
هەنگاو لە راپۆرتەکەیدا لە سێدارەدراوەکانی بە گوێرەی تۆمەتەکان بەم شێوەیە جیا کردوووەتەوە:
ماددە هۆشبەرەکان: ٤٦٤ کەس، دەکاتە ٥٦٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان
چالاکیی سیاسی و ئایینی: ٣١ کەس، دەکاتە ٤٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان
کوشتنی بەئەنقەست: ٢٩٤ کەس، دەکاتە ٣٥٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان
دەستدرێژیی سێکسی: ٢٤ کەس، دەکاتە ٣٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان
دزیی چەکدارانە: ٦ کەس، دەکاتە ١٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان
ناڕوون: ١٠ کەس، دەکاتە ١٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان
هەروەها زۆرترین بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە نەتەوەی بەلووچە و ١٨٣ کەسن کە دەکاتە ٢٢.٨٪ی کۆی کەیسەکانی ئێعدام لە ساڵی ڕابردوودا، دوای بەلووچ ١٥١ هاوڵاتیی کوردە کە دەکاتە ١٨.٢٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان لە ئێراندا.