ئەمریکا سیستمی مووشەکی بۆ هەرێم دابین دەکات

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێم". 

بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" هێرشەکەى سەر هەولێر پێشێلکردنى سەروەری خاکى عێراقە، پێویستە عێراق پێداچوونەوە بە رێککەوتنى ئەمنی خۆى لەگەڵ ئێران بکات". 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنگرێس و سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندییان پیشانداوە لەسەر ناردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان. 

ئەوەشی خستەڕوو، بودجەی سیستمی بەرگرییەکە لەسەر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەبێت، بەڵام هێشتا رێککارە پێویستەکان و دانانى سیستمەکەش پێویستى بە رەزامەندى حکومەتى عێراق هەیە. 

شەوی دووشەممەی ڕابردوو ژمارەیەک هێرشی مووشەکی لە لایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایە سەر هەولێر کە بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و شەشی دیکەش برینداربوون.


PM:06:50:19/01/2024