وادەی بەفربارین لە سەنتەری شارەکان ڕاگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" لە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگەوە تا سەرەتاکانی مانگی شوبات دەچینە نێو زستانی راستەقینە و سەرما و سۆڵەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە قۆناغی شەپۆلی (٢٧ بۆ ٢٨)ی مانگ کە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستە ھەوایەکی سارد پێشبیبی بارینی بەفرێکی زۆر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و شارە شاخاوییەکان دەکرێت لە کۆتای ئەم شەپۆلەشدا سەنتەری شاری سلێمانی دەگرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین ھەیە لە نێوان ٣١ی ١ بۆ ٤ی ٢ی ٢٠٢٤ ئەم شەپۆلەیان پێشبینی دەکرێت بارستە ھەوایەکی سارد و بەھێزی لەگەڵدابێت بەفرێکی زۆر ببارێتەوە لە ناوچە شاخاوییەکاندا و لە سەنتەری شاری سلێمانیش رێژەیەکی باش ببارێت، وە لە سەنتەری شارەکانی ھەڵەبجە و دھۆک و موسڵ ئەگەری بارینی بەفردەبێت و لە سەنتەری شاری ھەولێریش ئەگەر ھەیە کەمێک ببارێت لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە .

ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە زستانی ئەمساڵ تا ئێستا لە رووی رێژەی بەفر و سەرماوە بەراورد بە زستانەکانی ڕابردوو کەمتربووە و گەرمتربووە، بەڵام بەگشتی لە ٢٧ی ئەم مانگەوە تا سەرەتاکانی مانگی شوبات دەچینە نێو زستانی راستەقینە و سەرما و سۆڵەوە. 


AM:12:02:22/01/2024