هێرشەکانی مقاومەی سەر بە ئێران بەردەوامە
ئەمەریکا هەڕەشە دەکات


ئەمڕۆش ٢٢ی کانوونی دووەم جارێکی تر مقاومەی ئیسلامی سەر بە ئێران بۆردومانی عەین ئەسەدی لە عێراق و بنکەی کانیکۆی لە سوریا کرد، ئەمەریکاش دەستی بە سزادان کردو، هەڕەشەی سەربازیش دەکات.

مقاومەی ئیسلامی رایگەیاند کە ئەم ئێوارەیە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان جارێکی تر بۆردومانی بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی لە ئەنبار کرد کە ئەمەریکانیش لەگەڵ سەربازانی عێراق نیشتەجێی ئەو سەربازگەیەن.

نیوەڕۆی ئەمڕۆش جارێکی تر مقاومەی ئیسلامی لە رێگای مووشەکەوە بۆردومانی بنکەی سەربازی کۆنیکۆی لە سوریا کرد.
 
میدیا ئەمەریکییەکانیش دوێنێ رایانگەیاند کە ئەمەریکا و سەرۆک بادین ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان بە جدی وەردەگرن و بێ وەڵامدانەوە تێناپەڕن.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزا بەسەر کۆمپانیای فلای بەغدا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەسەپێنێت بە تۆمەتی هاوکاریی فەیلەقی قوودسی سەر بە سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکیان لەعێراق، سووریا و لوبنان.
 
هەروەها ئەمریکا سزای بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیا سەپاندووە کە هاوکاری دارایی بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە.
  
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە فلای بەغدا چەک و تەقەمەنی بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق گواستووەتەوەو گەیەندراوەتە دەست فەیلەقی قوودس و گرووپەکانی سەر بەو هێزەی ئێران.



PM:07:01:22/01/2024