بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما دادەبەزێت

کەشناسی شارەزایی هەرێم، ئاراس جەبار پێشبینی دەکات لە رۆژی شەممەوە پلەکانی گەرما دابەزێت و باران و بەفر دەبارێت.
ئاراس جەبار لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردۆتەوە دەڵێت " لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد سبەی شەمە ٢٧/١ ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بەدرێژای کاتەکان ھەوری تەواو ئەبێت". هەروەها دەڵێت" لەناو سەنتەری شاری سلێمانی بەفر دەبارێت".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەسەرجەم ناوچەکان کەش سارد و باراناوی ئەبێت بەرێژەی جیاواز و پچر پچر و ھەندێک کات و شوێنیش ئەگەری بارینی تەرزە و چالاکبوونی ھەورەبروسکە ئەبێت وە لەناوچەکانی باکور و باکوری خۆرھەڵاتی ھەرێم رێژەی دابارینی بەفر و باران زیاتر ئەبێت بەڕاورد بەناوچەکانی دیکە.

لەبارەی هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە لە کەشوهەوای هەرێمدا، پسپۆرەکە دەڵێت" لەئەنجامی کاریگەری ئەو بارستە ھەوا ساردەی لەباکوری ئەوروپاوە ھاتووە سبەی لەسەرجەم ناوچەکان پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٥ تا ٦ پلە نزمتر ئەبێتەوە و لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی راپەرین بەگشتی لەبەرزی ١٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەفر بارین ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە لە ١٢٠٠ مەترەوە بەفر بارین ئەبێت".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، خێرای با لەنێوان کاتەکانی بەیانی بۆ ئێوارە ناوبەناو مامناوەند چالاک ئەبێت لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاواوە بەخێرای ١٠-٢٥کم/ک .

باس لەوەش دەکات لە کاتەکانی ئێوارەوە کاریگەری شەپۆلی بەفر و باران کەمدەبێتەوە لەدرەنگانی سبەی شەودا بۆ بەرەبەیانی رۆژی شەمە بەھۆی زیاتر نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و مانەوەی کاریگەری لاوازی شەپۆلەکە ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم ئەبێت لەسەنتەری شاری سلێمانی و بەگشتی ئەو ناوچانەی بەرزیان زیاترە لە ٧٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریا.



AM:10:05:26/01/2024