مەسرور بارزانی باسی "خائین" دەکات.. وتەبێژەکەشی دەڵێت:زۆر روونە کێیە


سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) لەسەر ئەو هێرشانەی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە پەیامێکدا ناوی "خائین و خاکفرۆش " دەهێننێت، وتەبێژەکەشی دەڵێت" زۆر روونە مەبەستی کێیە".


پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "سەرۆکی حکومەت بە بێ ئەوەی ناویان بهێنێت، ئەوانەی لەو چوارچێوەیەن خۆیان تێدەگەن. جەنابیان دەزانێت کە بە کێ دەڵێت و ئەوانەش کە ئەو توێژەن خۆیان لێی تێدەگەن کە بە کێیەتی."

پێشەوا هەورامانی وتی، "زۆ ڕوونە تەفسیری ناوێت، لەهەموو شوێنێکی ئەم دونیایە خەڵک هەبووە خیانەتی کردووە."

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوە) لە بارەی هیرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو لە بڕگەیەکیدا دەڵێت" "هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت".

دەستەواژەی " خائین " لەناو زاراوە سیاسییەکانی کوردستان و زۆرێک لە گەلانی ناوچەکە بەو کەس و گرووپانە دەوترێت کە لەگەلەکەی خۆیان هەڵدەگەڕێنەوەو خزمەتی دوژمنان دەکەن، مەسرور بارزانی و پارتی ناکۆکیان لەگەڵ پەکەکە و یەکێتیدا هەیە، لەو شوێنەی رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر تێدا روویدا تەنها " یەکێتی " پێشمەرگەو هێزە سەربازییەکانی ئامادەییان هەیە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە دەستەواژەی خائینەکان مەبەستی لە "یەکێتی" بێت.

دوێنێ پێنجشەممە، ٢٥ ی کانوونی یەکەم، نزیکی کاتژمێر ١١ی شەو بەمووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرومۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت و تا ئەمشەو پێدانی غاز راگیرا، ئەمشەو ٢٦ ی کانوون داناغاز دەستکردنەوە بە بەرهێمهێنان و ناردنی غازی راگەیاند.

AM:12:11:27/01/2024