وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم ئیدانەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆردن دەکات و رایگەیاند" داواکارین کۆتایی بە گرژییەکان بهێندرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ پێشەوا هەورامی لە پەیامێکدا رایگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە لە ئوردن کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز بوونە قوربانی".
ئاماژە بەوەشدەکات کە حکومەتی هەرێم هاوسۆزی خۆی لەگەڵ گەل و حکومەتی ئەمریکا دەردەبڕێت.
"جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتی دۆستمان شانشینی ئوردنی دەکەینەوە و لەگەل تەشەنەسەندنی ناکۆکی و نائارامییەکان لە ناوچەکەدا نین".( پێشەوا هەورامی وتی).
وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت" داواکارین کۆتایی بە گرژییەکان بهێندرێت و گشت کێشەکان بە دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن".
دوێنێ یەکشەممە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لەنێو خاکی ئوردن نزیک لە سنووری سوریا و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و ٢٥ی دیکەش برینداربوون.