وەزارەتی ناوخۆی عێراق یاری پەبجی و چەند یارییەکی تری ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکاتو، بەوە ناوەزدەی دەکەن کە هۆکارن بۆ بردنە دەرەوەی سامانی نەتەوەیی و بڵاوبونەوەی بیری توندوتیژی.
مەنسور عەلی بەرپرسی لیژنەی تۆماری یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە" دوای ئەوەی چەند رووداوێکی توندوتیژی کۆمەڵایەتی تۆمارکرا کە لەسەر یارییە ئەلیکترۆنییەکان و بەتایبەتیش یاری پەبجی سەری هەڵدابوو، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی ئەو یارییە لە عێراق.
بەرپرسی لیژنەی تۆماری یارییە ئەلیکترۆنییەکان کە ئاشکرایکرد یارییەکانی مەریەم و فیلی شینیش لە قەدەغەکراوەکانەو، دەشڵێت " ئەو یارییانە هۆکارن بۆ سپیکردنەوەی سامانی نەتەوەیی و چونە دەرەوەی سامانی نەتەوەیی کە دژی یاساکانی بانکی ناوەندییە".
مەنسور عەلی باس لەوەش دەکات کە هەندێک لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان کارییگەرییەکی نەرێنییان خستووەتە سەر هەڵسوکەوتی گەنجان و بەتایبەت منداڵان.
بەپێی هەندێک ئاماری جیهانی عێراق لەرووی خەرجکردنی پارەوە لە ریزبەندی سێیەمی وڵاتانی عەرەبیدان، بەوپێیەی لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا، نزیکەی ٩٠ ملیۆن دۆلاریان لە یاریە ئەلیکترۆنییەکاندا خەرج کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە.