کەشناسێک وادەی بەفربارینی لە سەنتەری شارەکان ڕاگەیاند

شارەزایەکی کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەگەری بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری بەشێک لە شارەکان هەیە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سبەینێ پێنجشەمە ئاسمانی ناوچەکانی باشوری ھەرێم بە زۆری نیمچە ھەور دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری ھەرێم ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ جێگیر دەبێت و کاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین لە کاتەکانی بەرەبەیانەوە لە ناوچەکانی باکوری سعودیە و باشور و ڕۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدەکاتەوە، بەفر لە بەرزاییەکاندا دەبارێت لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکانی ئێوارە بە دواوە بارانی مامناوەند و پچر پچر درێژ دەبێتەوە بۆسەر ناوەڕاستی عێراق و ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای ھەڵەبجە، سلێمانی و کەرکوک کە بەشێوەیەکی گشتی بەھۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ئەگەری بەفربارین هەیە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەنتەری شاری سلێمانی و ئەو ناوچانەی بەرزیان زیاترە لە (٨٠٠) مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی نیوەی شەو بە دواوە بەفر ببارێت، کاریگەری ئەو شەپۆلە بۆ ناوچەکانی پارێزگای دھۆک، ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین لاواز دەبێت و تەنھا ئەگەری نمە باران لەھەندێک کاتدا دەبێت لەو ناوچانەدا، بای باکوری ڕۆژھەڵات بۆ سبەینێ و دوو سبەی بە چالاکی دەمێنێتەوە و لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بەخێرای (١٠ تا ٣٠) کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.


AM:09:31:31/01/2024