٦٢ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە بایدن دەکەن گەمارۆی نەوتی تووند بەسەر ئێراندا بسەپێنێت

٦٢ ئەندامی دیموکرات و کۆماریخواز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدن داوایان لێکرد کە لە دوای هێرشی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گەمارۆی نەوتی توند بەسەر کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنێت بۆئەوەی کۆماری ئیسلامی پشتیوانییەکانی بۆ"تاقمە تیرۆریستییەکان" کۆتایی بهێنێت.

ئەم نامەیە کە ڕۆژی چوارشەممە لە لایەن جۆیش ئینسایدەرەوە بڵاو کراوەتەوە، داوای لە حکوومەتی بایدن کردووە کە بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ ڕاگرتنی بازرگانی نایاسایی نەوتی ئێران و ئەو لایەنانەی کە بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەگوازنەوە، ئەو پاڵاوگانە و بەندەرەکانی دەرەوە کە بە ئاگاداری خۆیان ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی ئەم بەرهەمانە دەدەن و هەروەها ئەو دامەزراوە داراییەکان کە ئەم مامەڵانە دەکەن، سزا بدرێن.

ئەم نوێنەرانە بە جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی خۆیان لە هەوڵەکانی نوێنەرانی دوو لایەن لە هەردوو هۆڵی کۆنگرێس بۆ رێگریکردن لە  فراوانبوونی هەناردەی نەوتی ئێران،و ڕایانگەیاند" ئەم هەناردەکردنە پەنجەرەیەکی گرینگە بۆ زیادکردنی پشتیوانی تاران بۆ ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی کە هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیل دەدەن و دەبێت رێگریان لێبکرێت".

ئەم نامەیە لەلایەن جارێد مۆسکۆڤیتز، دیموکرات و مایک لاولەر، کۆماریخوازەوە دەستیپێکردووە و زۆرینەی واژۆکارانی نامەکە کۆماریخوازن.

لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ئێران داهاتی نەوتی خۆی بە بڕی ٨٠ ملیار دۆلار زیاد کردووە.

داتاکانی بەردەست دەریدەخەن کە هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە مانگی ئەیلولدا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵدا. زیاتر لە ٨٠%ی هەناردەی نەوتی ئێران ڕەوانەی چین کراوە.



PM:12:47:01/02/2024