"فرۆکەکانی ئەمەریکا بۆردومانی ئاسایشی کوبانی دەکەن کە داعشی تیایە"

چەکدارانی داعش دوێنێ ٨ ی تشرینی یەکەم کۆنترۆڵی چەند گەرەکێکی رۆژهەڵاتی شاری کوبانیان کرد، لەرێگای تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی خۆکوژیەوە هێرشیان کردە سەر بینانەی ئاسایش و گرتیان، لەو کاتەوە چەندجارێک فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆردومانی بنکەی ئاسایش دەکەن.

بەپێی هەواڵی ماڵپەرەکانی نزیک یەپەگە شەوی رابردوو و ئەمرۆ چەندین جار فرۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی بۆدومانی چەکدارانی داعش لەدەوری کوبانی دەکەن، بەتایبەتی بینایەی ئاسایشی کوبانی کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شارەکەو دوێنێ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنترۆلکرا، پاشئەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمب رێژکراوی پیا تەقێنرایەوە.

ئەو بۆردومانانەی فرۆکەکانی هاوپەیمانان زیانی گەورەی بە داعش گەیاندووە، هاوکات لەگەرەکەکانی چواردەوری ئاسایش شەڕێکی قورس لەنێوان چەکدارانی داعش و شەرەڤانانی یەپەگە و یەپەژە لەئارادایە کە لەشەوەوە دەستیپێکردووەو تا ئێستا بەتوندی بەردەوامە. 

بەپێی روانگەی مافی مرۆڤی سوریا کە گرنگی بە هەواڵەکانی سوریا دەدات، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات شەڕێکی قورس بەردەوامە، لەگەڵ پێشکەوتنێکی هێواشی چەکدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی شارەکە. روانەگەی مافی مرۆڤیش دان بەگرتنی بارەگای ئاسایش لەرۆژهەڵاتی شارەکەدا دەنێت، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لەدوێنێوە بنکەکانی داعش بەخەستی بۆردومان دەکرێت.



AM:11:15:09/10/2014