بزووتنەوەی نوجەبای عێراق هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکات


بزووتنەوەی نوجەبای عێراق بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆسەر هێزە ئەمەریکییەکان و مەرجی کۆتایی هێنانی بەو هێرشانە بەستۆتەوە بە کۆتای هێنان بە شەڕی غەزەو کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق. 

ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی نوجەبای عێراق ئەمڕۆ بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاند" بزوتنەوەی نوجەبا و كەتیبەكانی دیکەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لەسەر هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا بەردەوامدەبن تا ئەو كاتەی كۆتایی بەشەڕی غەززە دێت و لە عێراق دەكشێنەوە".

پیستر فەیلەقی وەعدولسادق، كە لە چوار چێوەی مقاوەمەی عێراقین ئەوانیش رایانگەیاند " لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی كە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكەن بەردەوام دەبین".
 
لە دوای هێرشە درۆنییەکەی حزبوڵا بۆ سەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە سنوری ئوردون و کوژرانی سێ سەرباز، ئەو حزبە رایگەیاند " بۆ شەرمەزارنەكردنی حكومەتی عێراق بڕیارمانداوە كە هێرشەكانمان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكان لە عێراق و سوریا بەشێوەیەكی كاتی رابگرین، بەڵام بە شێوازی دیكە بەردەوام دەبین".

ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدا بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەم میلیشیایانەی عێراق و بەرژوەندییەکانی ئێران تەنها مەسەلەکە کاتە.  
 



PM:08:14:02/02/2024