ئەمریکا لە هێرشەکەی دوێنێ شەودا کێی بە ئامانج گرت؟

شەوی ڕابردوو ئەمریکا چەند هێرشێکی کردە سەر بنکەی گروپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا، وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێت" هیچ هێرشێک بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا قبوڵ ناکەین"، هاوکات عێراق ڕایگەیاندووە" هێرشەکان سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکات".

گرووپە چەکدارەکان ڕایانگەیاندووە" شەوی ڕابردوو عەباس دەڕاجی، بەرپرسی پاڵپشتیی لۆجیستیی حەشدی شەعبی لە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر قائیم کوژراوە، تاوەکو ئێستا تەنیا ناوی ئەو بەرپرسە لەنێو کوژراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە".

هاوکات بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە ١٠ چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی کوژراون و برینداربوون لە شاری قائیمی پارێزگای ئەنبار کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج، زەبرێکی گەورە بە چەکدارانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی حزبوڵڵا گەیشتووە.

ئەمریکا لە ڕێگەی فڕۆکەی b1 زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئەنجامداوە، سەرجەم کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان کراونەتە ئامانج، لەگەڵ زیاتر لە ١٠ خانوو لە عەکاشانی شاری قائیم کە بەتەواوی لەناوبراون.

ئەمشەو لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند" بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکەی مووشەکیان ئاراستەی حەوت دامەزراوە لە سووریا و عێراق کردووە کە زیاتر لە ٨٥ ئامانجیان تێدا بووە، هێرشەکان بەردەوامیی پێدەدەین".

وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، بە فەرمانی سەرۆک بایدن، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا شەوی ڕابردوو هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ٧ دامەزراوە، کە زیاتر لە ٨٥ ئامانجیان لە نێو عێراق و سووریا لە خۆگرتبوو.

لە کۆتاییدا لۆید ئۆستن ڕایگەیاند" ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان هیچ شوێنێکی دیکە ململانێمان ناوێت، بەڵام  هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا قبوول ناکەین، هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بەرگری لە ئەمریکا، هێزەکانمان و بەرژەوەندییەکانمان بکەین".

ئەمەش لە کاتێکدایە یەحیا رەسوول، وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندووە،"هێرشەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات".

هاوکات دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا ڕۆژی هەینی ئۆپەراسیۆنێکی ئەلیکترۆنی دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجامداوە، بەڵام وردەکاری زیاتریان نەخستەڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا لە گەڕەکی دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، ١٨ چەکدار کوژراون و ٢٦ ئامانجیش تێکشکێندراون.

ئەمە یەکەم هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکایە لە کاردانەوە بە هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن کە لەو ماوەیەدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران.

هێرشەکان کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی دەستیپێکردبوو، زیاتر لە ٨٥ ئامانجیان پێکاوە لە حەوت شوێن، کە بریتین لە بارەگای فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، ناوەندەکانی هەواڵگری، ناوەندی مووشەک، شوێنی هەڵگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی و دامەزراوەی دیکە.




AM:09:38:03/02/2024