ئێران: بیانووی ئەمریکا بۆ هێرشەکانی چەواشەکاریە

میدیاکانی ئێران لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایانگەیاندووە" هیچ بنکەیەکی سوپای قودس و سوپای پاسداران لەو ناوچانەدا نییە کە لە لایەن ئەمریکا لە سوریا کراونەتە ئامانج و بیانووی ئەمریکا بۆ هێرشەکانی چەواشەکارییە".

هەروەها بڵاویانکردووەتەوە" بانگەشەی واشنتۆن سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر سوپای قودس لە سوریا ناڕاستەقینە و چەواشەکاری ڕای گشتییە. هێرشەکانی ئەمریکا دەستدرێژییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ سەر سوریا و عێراق و کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە هەیە".

عەبدوڵڵا گەنجی، ئەندامی ئەنجومەنی میدیا و زانیاری حکومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکان لە عێراق و سوریا لە تۆڕیکۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی" ئەو هێرشانە ئامانجیان بۆ سزادان و ڕێگریکردن بووە، بەڵام ئەمە سەرەتای فراوانبوونێکی نوێیە بەشێوەیەکی فراوانتر".

ئەندامی ئەنجومەنی میدیا وزانیاری حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی دەڵێت" ئەم هێرشانەی ئەمریکا تەنها مۆڵەتێک بوو بۆ فراوانکردنی شەڕەکە".

گەنجی نووسیویەتی" ئەگەر لەگەڵ بۆردومانی یەمەن رێگریکردنی ئێمەیان بینی، بە دڵنیاییەوە لێرەش دەیبینن".

لە لایەکیترەوە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە" عەلی ئەلخوم ئەندامی نووسینگەی سیاسی بزووتنەوەی (ئەنساروڵای یەمەن)، ئەمڕۆ شەممە دەستدرێژییەکانی ئەمریکای بۆ سەر خاکی سوریا و عێراق شەرمەزار کرد و جەختی لە هاودەنگی لەگەڵ بزووتنەوەکانی خۆڕاگری لە سوریا، عێراق، فەلەستین و ناوچەکە کردووە و  ڕایگەیاند کە یەمەن لە گەڵیانە".

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا کاردانەوەی فەرمییان بەرامبەر بەم هێرشانە نیشان نەداوە، کاردانەوەی ئێران دواجار لەلایەن خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دیاری دەکرێت.

 



AM:11:38:03/02/2024