عێراق هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بانگهێشت دەکات

دژی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر چەند ناوچەیەکی عێراق، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی واشنت لە بەغداد بانگهێشت دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە وێنەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، وەزارەتەکە بانگهێشتی دەیڤید پێركر بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد دەکات. 

بەپێی بەیاننامەکە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا ڕادەستی پێرکر دەکات کە درەنگانی شەوی ڕابردوو شوێنە سەربازی و مەدەنییەکانی ناوچەی عەکاشات و قائیمی کردە ئامانج.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان (٨٥) هێرشی ئاسمانییان لە عێراق و سوریا دەستپێکردووە و شوێنەکانی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە میلیشیاکانی نزیکیان کردووەتە ئامانج.

لە بەرامبەردا باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بوونی هەماهەنگی پێشوەختەی نێوان بەغدا و واشنتۆنی ڕەتکردەوە سەبارەت بەو هێرشانەی کە لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە ئاراستەکراون و پێگەکانی هێزە ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج. 

دووپاتیشیکردەوە، بەهۆی هێرشەکانە (١٦) کەس گیانیان لەدەستداوە و (٢٥) کەسی دیکەش برینداربوون. 


PM:03:03:03/02/2024